لە ژوورەوە کۆبوونەوەیە و لەدەرەوە خۆپیشاندان
بەرەى تورکمانى لە پردێ؛ یەکێک لە پۆستەکانى کوردیان دەوێت
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتى ناحیەى پردێ، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەران و لایەنە ئیدارییەکانى پردێ و نوێنەرى بەرەى تورکمانى لە کۆبوونەوەدان و لەدەرەوەش خۆپیشاندانە.
کێشەکە ئەوەیە، بەیانى ئەمڕۆ لایەنگرانى بەرەى تورکمانى لە پردى گردبوونەوە و داوایان کرد پۆستى یەکێک لە (بەڕێوەبەرى ناحیە، بەڕێوەبەرى شارەوانى یان بەڕێوەبەرى پۆلیس)یان پێبدرێت، دواتر رێگاى هەولێر بۆ کەرکوکیان داخست و دواى یەک کاتژمێر کردیانەوە.
ئەم کێشەیە بەرپرسانى سنوورەکەى ناچار بە کۆبوونەوە کرد و ئێستا لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى ناحیەى پردى کۆبوونەوەیە و لە دەرەوەش لایەنگرانى بەرەى تورکمانى گردبوونەوەتەوە و چاوەڕێى ئەنجامن.
هەرسێ پۆستى بەڕێوەبەرى ناحیە و شارەوانى و پۆلیسى پردێ لاى پێکهاتەى کوردن، بەڵام بەرەى تورکمانى دەڵێن، لەو سێ پۆستە یەکێکیان دەوێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح