24 یاریزان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ستنیشان كران

964+
هێڤی دێوالی – دهۆك
له‌ دهۆك پاڵه‌وانیه‌تی كیك بۆكسینگ له‌سه‌ر ئاستی عێراق كۆتایی هات، 24 یاریزان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق هه‌ڵبژێردران، كه‌ سێ له‌وان كوردن.
پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 17.2.2023 له‌ دهۆك كۆتایی هات، كه‌ سێ رۆژی خایاند و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كانی كوردستان، ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق بوو.
72 یاریزان به‌شداریی ركابه‌رییه‌كانیان كرد، كه‌ 24 یاریزان كورد بوون.
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له‌ هه‌ردوو ئاستی “كه‌ی 1 و فولكۆنتاك” بوون.
ساڵح کەکۆ حوسێن راهێنەری یانەی دهوك و راهێنەری هەڵبژاردی عیراق به‌ تۆڕی 964ی وت، “پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ساڵانه‌ دێته‌ ئه‌نجامدان، دووەمجاریشە  له‌سه‌ر ئاستی سوپەر لە پارێزگای دهوك به‌ڕێوه‌بچێت، پێشتر له‌ 2019 له‌ سلێمانییش كرابوو.
وتیشی “شێوازی يارییه‌كان كه‌ی 1 و فولكۆنتاك بوو، بۆ هه‌ریه‌ك له‌ شێوازه‌كان 12 كێشی جیاواز هه‌یه‌”.
له‌ كۆتایی ركابه‌رییه‌كاندا 24 یاریزان له‌ هه‌ریه‌ك دوو شێوازه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ستنیشان كران، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كێشه‌كانی خۆیان پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهێنا.
سێ له‌و یاریزانانه‌ كوردن، ئه‌وانیش “وریا خالید، محه‌مه‌د شێروانی و  زانا کەکۆ”
پێشبڕكێیه‌كانی خوله‌كه‌ چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ هۆڵی كۆلیژی په‌روه‌رده‌یی جه‌سته‌یی و زانسته‌ وه‌رزشییه‌كانی زانكۆی دهۆك ده‌ستیپێكرد، كه‌ جگه‌ له‌ یارییه‌كان، خولی پێشخستنی ناوبژیوانانی یاری كیك بۆكسینگیش به‌ڕێوه‌چوو.
پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا