"قەفەسەی سنگم شکاوە"
شەمخانی: سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردوودا بووم
964+
شۆڕش قادری
عەلی شەمخانی راوێژکاری رێبەری ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا زیان بەبەشی ناوەوەی جەستەی کەتووە و سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردووی رووخاوی خانووەکەیدا بووە.
ئەمڕۆ شەممە 28.6.2025 عەلی شەمخانی راوێژکاری رێبەر و سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئەنجامداوە و وا دەردەکەوێت کە رەوشی تەندروستی باش نییە.
لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی، شەمخانی ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکرد بەکاردێنێ و دەڵێت، “چونکە قەفەسەی سنگم شکاوە و بەشی ناوەوەی جەستەم زیانی پێگەیشتووە، ئەو ئامێرە بەکاردێنم”.
شەمخانی باسی ساتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکەی دەکات و دەڵێت، “لەسەر تەختی خەوەکەم بووم، مۆبایلەکەم لەسەر زەوی بوو و لێم دوور بوو، خێزانەکەم لە ژوورەکەی تەنیشتم خەوتبوو، منیش خەوتبووم، چونکە کاتی نوێژ بوو، خەریک بووم هەڵدەستام، هەموو ژوورەکەم داڕما و داروپەردوویەکی زۆر بەسەرمدا کەوتەخوار، سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردوودا بووم”.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13.6.2025 سوپای ئیسرائیل تارانی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی موشەکباران کرد و بەوەش شەڕێکی 12 رۆژە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵگیرسا، لە یەکەم هێرشدا ژمارەیەک فەرماندەی پلەبەرزی سەربازی ئێران کوژران و عەلی شەمخانی و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.