شەقامێکی سەرەکی لە قەزای پێنجوێن. وێنە: 964
دادگا ئاگادار کراوە
لە پێنجوێن یەک هەفتە مۆڵەت درا بەوانەی ئاوی نایاساییان هەیە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
سەرەڕای ئەوەی وشکەساڵی راگەیەندراوە لە پێنجوێن، بەڵام فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن تێبینی کردووە هاوڵاتییان بە نایاسایی ئاویان راکێشاوە و داوا دەکات، ئەو کەسانە لەم هەفتەدا سەردانی فەرمانگەی ئاو بکەن.
دادگا بە گوێرەی کەیسەکان، مامەڵە لەبەرانبەر سەرپێچی ئەو کەسانە دەکات، 964 دەزانێ، تەنیا لە دوو هەفتەی پێشوو 10 ماڵ سەرپێچیان کردووە و ئاشکرا بووە ئاوی نایاساییان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 28.6.2025، بەناز بورهان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن بە 964ی وت، ئاگادارن و زانیارییان هەیە لەسەر ئەو هاوڵاتییانەی ئاویان بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت راکێشاوە، بۆ ئەوەش قسەیان لەگەڵ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن کردووە و هەماهەنگیان دەستپێ کردووە.
هەفتەیەک مۆڵەت دانراوە بۆ ئەو کەسانەی بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت ئاویان راکێشاوە و دواتریش ئەگەر سەردانیان نەکەن، ئەوا بە نوسراوی فەرمی ناویان رەوانەی دادگای بەرایی پێنجوێن دەکرێت و بۆ ئەوەی دادگا بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان کەمامەڵە لەگەڵ کەیسەکانیان بکات، کە ئاوی پێنجوێن داواکارەکەیە.
بەناز بورهان ئەوەی خستەڕوو ، خۆیان وەک قەزاکە تووشی گرفتی کەم ئاوی و وشکەساڵی بوونەتەوە، بەڵام ئەو هاوڵاتییانە ئاو بە نایاسایی رادەکێشن و لە ماوەی ئەم هەفتەیەشدا ئەگەر ئەو هاوڵاتییانە سەردانیان نەکەن ئەوا خۆیان بەرپرسیارن.
فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بیرێکی ئیرتیوازییان بۆ دانیشتووانی گەڕەکی مامۆستایان هەڵکەندووە، بە تێچووی زیاتر لە 10 هەزار دۆلار، ئەوەش نیشانەی کەم ئاوی قەزاکە لە کاتێکدا سەر سنوورە و ساڵانە بەفرێکی زۆری لێ دەباری.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا