وێنەى منداڵێکى ئەمریکى بەناوى بێکهام بەهۆى پێوەدانى مار تا لێوارى مەرگ رۆیشت
150 جار پێیانەوەداوە
زەردەواڵە بێکهامیان تا نزیکى مەرگ برد
وریا فەتاح
منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بە ناوی بێکهام، دوای ئەوەی لەلایەن جۆرێکی مەترسیداری زەردەواڵەوە 150 جار پێوەیدرا، ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی “دەیلی ئێکسپرێس”، بێکهام لە باخچەی ماڵەوەیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یاریی دەکرد، کاتێک بە هەڵە بەر هێلانەیەکی زەردەواڵە دەکەوێت، پاشان زەردەواڵەکان هێرشیان کردووەتە سەری و لە سەرییەوە تا پێیەکانی پێوەیانداوە.
وەک باسى دەکات، دەستبەجێ باوکی، منداڵەکەی گەیاندووەتە نەخۆشخانەی شاری ساڤانا لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا و سەرەتا باری تەندروستیی باش بووە، بەڵام دواتر پێستی دەستی بە زەردبوون کرد و پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخست کە تووشی سستبوونی چەندین ئەندامی گرنگی جەستەی بووە.
بێکهام لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێریی چڕ و بە ئامێری شوشتنی گورچیلە و هەناسەدانی دەستکرد بەسترایەوە، پزیشکەکان دەرمان و دژەزیندەیییان پێداوە بۆ ئەوەی یارمەتی جەستەی بدەن لە دەرکردنی ژەهرەکە.
وەک ئەوەى بەرپرسانى نەخۆشخانەکە رایانگەیاندووە، بچووکیی تەمەن و قەبارەی، لەگەڵ ژمارەی زۆری پێوەدانەکان، وایکردووە کە جەستەی بێکهام نەتوانێت بەرگەی ئەو بڕە زۆرەی ژەهر بگرێت.
هەرچەندە بەهۆى چارەسەرەکان تەندروستى بێکهام بەرەو باشى چووە و ئەندامە گرنگەکانی جەستەی دەستیان بە کارکردنەوە کردووەتەوە بەڵام بەپێى ئەو هەواڵە بێت، هەر لەژێر چاودێرییە بەتایبەت کە هیچ دژە ژەهرێکى پێوەدانى زەردەواڵە لەو جۆرەى پێیانەوەداوە، نییە.