پاش چەتر شاباز زەمانی داوا دەکات باران نەبارێت
+964
پەرستۆ ساڵح
هونەرمەند شاباز زەمانی پاش سێ مانگ لە دزەپێکردنی بەرهەمەکەی، نوێترین کلیپی بەناوی “باران” بڵاوکردەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، شاباز زەمانی کلیپی “بارانی” بڵاوکردەوە کە یەکێکە لەبەرهەمەکانی ئەلبومە نوێیەکەی بەناوی “دووانە” کە تێکست و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی و سروشت عەبەرەش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
لەبارەی کلیپی بارانەوە شاباز زەمانی رایگەیاند “بەهۆی داواکاری زۆری هەوادارانم بڕیاری کلیپ کردنی تراکی بارانم دا، دڵنیاشم لە ئاستی چاوەڕوانیاندایە”
بەر لەسێ مانگ، شاباز زەمانی بەشێکی تراکەکەی لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاوکردەوە وەک رێکلام، بەڵام بەر لەبڵاوکردنەوەی لەچەناڵی یوتوبی خۆی دزە بە بەرهەمەکەی کرا، لەناو سۆشیال میدیا و چەناڵێکی یوتوب بڵاوکرایەوە.
هاوکات پێش سێ ساڵ کلیپێکی دیکەی بەناوی “چەتر” بڵاوکردەوە پێچەوانەی ئەم بەرهەمەی داوا دەکات باران ببارێت، ئێستا داوای چەتر دەکات و نایەوێت باران ببارێت.
شاباز زەمانی 28 ساڵ تەمەنیەتی، جگە لەوەی خاوەنی چەندین بەرهەم و کلیپی خۆیەتی هاوکات بە نوێکردنەوەی بەرهەم و مەقامە کۆنەکان لەناو هەوادارانی ناسراوە، کۆتا ئەلبومی لە 2020 بڵاوکردەوە.