لاى راست وەزیرى دەرەوەى عێراق و لاى چەپ هاوتا ئێرانییەکەى
بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەسات
فوئاد حوسێن بۆ عەباس عێراقچى: بەپەلە بگەڕێنەوە بۆسەر مێزى گفتوگۆ
964+
وریا فەتاح
وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئێران لە پەراوێزى کارەکانى خولى 51ـى ئەنجومەنى وەزیرانى دەرەوەى رێکخراوى هاریکارى ئیسلامى لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە، عێراق داواى کرد مێزى گفتوگۆ بڕیار بدات.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دواین گۆڕانکارییەکان و بە تایبەتیش،”دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل بۆسەر کۆمارى ئیسلامیى ئێران”، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
وەک باسکراوە، لە پەراوێزى کارەکانى خولى 51ـى ئەنجومەنى وەزیرانى دەرەوەى رێکخراوى هاریکارى ئیسلامى، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق لەگەڵ عەباس عێراقچى هاوتا ئێرانییەکەى کۆبووەتەوە و هەردولا باسیان لە گرژییەکان و فراوانبوونى مەترسییەکان کردووە.
“پێویستە دەستبەجێ دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل بۆسەر ئێران و پاراستنى هاوڵاتییانى مەدەنى کۆتایى پێبێت و هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەى مێزى دانوستان و گفتوگۆى سیاسى بکرێتە بژاردەى چارەسەر”، فوئاد حوسێن واى بە عێراقچى وتووە.
جەختیشکراوەتەوە لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى بەغدا و تاران و بەردەوامبوونیان لەسەر پرسە هاوبەش و بایەخدارەکان.