دووەم حاڵەتی ئەمڕۆ

لە بناری قەرەچوغ درۆنێکی ئێرانی کەوتە خوارەوە


کاروان ساڵحی-کەرکوک

ئەمڕۆ شەممە 21.6.2025 لە بناری چیای قەرەچوغ سەر بە قەزای مەخمور درۆنێکی ئێرانی کەوتە خوارەوە، بەبێ هیچ زەرەر و زیانێک.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزە خۆبەخشەکانی یەکێتی لە قەرەچوغ بە 964ـی وت، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو درۆنە لە بناری چیاکە کەوتە خوارەوە و تەقییەوە، بەو پێیەی هێزەکانمان لەو سنوورەدا گەیشتینە شوێنی کەوتەخوارەوەی درۆنەکە، بە پێی نووسینی سەر درۆنەکە بێت ئێرانییە.

وتیشی، بەو پێیەی ئێمە لایەنی فەرمی نین، ئاگاداری سوپای عێراقمان کردەوە وهاتن پارچەی درۆنەکەیان هەڵگرتەوە و بردیان.

بەپێی زانیارییەکانی غازی فەیسەڵ، ئەوە یەکەم حاڵەتی کەوتنەخوارەوەی درۆنە لە بناری چیای قەرەچوغ.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ تەنێك، كە پێدەچێت درۆن یان مووشەك بێت، لە  گوندی شێخ مەنسوریانی سنووری ناحیەی خەلەکان تەنێک کەوتە خوارەوە.

لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردووە، تا ئێستا چەند جارێك درۆن و مووشەك و تەنی جۆراوجۆری هاوشێوەی پارچە پلێتی مووشەك لە چەند ناوچەیەكی كوردستان و عێراقیش كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام ئەوەی باشە تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا