چارەنووسی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات

فۆردۆ؛ ئەو بنکەیەی چاوی هەموو دونیای لەسەرە و تەنیا ئەمریکا دەتوانێت خاپووری بکات

964+

شۆڕش قادری

فۆردۆ؛ ئەو بنکەیەی چاوی هەموو دونیای لەسەرە و تەنیا ئەمریکا دەتوانێت خاپووری بکات، پێدەچێت چارەنووسی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکات.

فۆردۆ لە 30 کیلۆمەتری شاری قومە و پێشتر بنکەی سەربازی سوپای پاسداران بوو، بەڵام لە ساڵی 2009 بەدواوە بوو بە بنکەیەکی ئەتۆمی و ئێران دەستی بە چالاکییەکانی لەو بنکەیەدا کرد.

بەپێی راپۆرتی دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، نزیکەی سێ هەزار سەنتەرفیوجی شاراوە لە فۆردۆ سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمن.

دوو ساڵ پێش ئێستا، چاودێرانی ئاژانسی نێودوەڵەتی وزەی ئەتۆم زانیان کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو بنکە ئەتۆمییە، گەیشتووەتە، 83٪ و ئەگەر بگاتە 90٪، مانای وایە ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم هێناوە، ئەوەش گەورەترین پاساوی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ هێرش کردنەسەر ئێران، بەڵام وەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش درکاندی، ئیسرائیل بەتەنیا توانای لەناوبردنی ئەو بنکەیە بەتایبەتی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەگشتیی، نییە، چونکە فۆردۆ لەناخی شاخێک دایە و نزیکەی 100 مەتر لەژێر زەوی خۆی حەشار داوە.

بۆ لێدانی ئەو جۆرە ئامانجانە، ئیسرائیل دوو جۆر بۆمبی هەیە، BLU-109 تەنیا توانای بڕینی 2 مەتر و نیو زەوی هەیە و بۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵاش ئەو بۆمبەی بەکارهێنا، ئەوەی دیکەشیان بۆمبی CBU-28ـە کە دەتوانێت شەش مەتر زەوی ببڕێت، بەڵام ئەمریکا خاوەنی بۆمبێ GUB-67ـە کە بەقوڵی 61 مەتر زەوی دەبڕێت و ئەو جۆرە بۆمبەش تەنیا فڕۆکەی B2-SPIRIT توانای هەڵگرتنی هەیە کە بە شەبەح ناسراوە، هەم فڕۆکەکە و هەم بۆمبەکەش تەنیا لەدەستی ئەمریکای زلهێز دایە و ناشیەوێ بیدات بە وڵاتێکی دیکە، بۆیە بۆ خاپورکردنی فۆردۆ یان دەبێت ئەمریکا بێتە ناو جەنگەکە، یان دەبێت کۆماندۆکانی یەكەی تایبەتی شاڵداگ، كە هێزێكی تایبەتی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلن، بێنە مەیدان و خۆیان بگەیننە ئەو بنکەیە، کە ئەوەش لە ئێستادا کارێکی ئەستەمە.

ئیسرائیل: تائێستا هێرشمان نەکردووەتە سەر دامەزراوەى ف...

ئیسرائیل: تائێستا هێرشمان نەکردووەتە سەر دامەزراوەى فۆردۆ