عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران - فۆتۆ: A.A
دوای هەفتەیەک پەیامی هەیە
شەمخانی کە دەوترا مردووە دەڵێ: ئامادەم بۆ مردن
ئەحمەد مستەفا
هەفتەی پێشوو، کە هێرشەکەی ئیسرائیل وەک دەستپێک بۆ ئێران ئەنجامدرا، زۆر قسە لەسەر ئەوەبوو، عەلی شەمخانی گیانی لەدەستدابێ، بەڵام دوای هەفتەیەک خۆی بێدەنگی شکاند و گومانەکان رەوینەوە.
عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلى خامەنەیییە، کە هەینی رابردوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بریندار بوو ئەوکات هەواڵ زۆر بوو بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدابێ، بەڵام دوای هەفتەیەک پەیامی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت دوژمن بزانێت بە شەڕکردن لەگەڵ ئێمە، یاری بە ئاگر دەکات، جگە لە خۆڵەمێش هیچی تر بەجێ ناهێڵێت.
شەمخانی کە قسەوباس هەبوو گیانی لەدەستدابێ و لە ئێرانیش وێنەکەی بەهەڵە لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی تیمی بەسیجی پاسداران دانرابوو کە گیانیان لە دەستدابوو، لە پەیامەکەی دەڵێت، من زیندووم و ئامادەشم بۆ مردن و قوربانیدان، رۆژی سەرکەوتن نزیکە، ناوی ئێران بە درێژایی مێژوو وەک هەمیشە دەدرەوشێتەوە.
شەمخانى، کە ئێستا راوێژکاری سیاسی عەلی خامەنەییە، پێشتر لە ساڵی 2013 بۆ 2023، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لەو ئەنجومەنەدا.