دیمەنی وێستگەی کارەبای گەرمیان- وێنە: لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان وەرگیراوە
ئەو بڕە کارەبا زیادەیەی ھاوینان بە گەرمیان دەدرا ئەمساڵ پێی نادرێت
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
تایبەتمەندی کەشوھەوا گەرمەکەی گەرمیان، وای لە وەزارەتی کارەبا کردبوو ساڵانە لە وەرزی ھاوین بڕە کارەبای زیاتر بدات بە سنوورەکە، بەڵام کارەبای گەرمیان ئێستا دەڵێت، ئەمساڵ ئەو کارەبا زیادەیان پێنادرێت.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت، “ساڵانی رابردوو لە سەرەتای مانگی شەش، تا سەرەتای مانگی نۆ، بڕی 15 بۆ 20 مێگاوات کارەبای زیادە دەدرا بە گەرمیان بەھۆی کەشوھەوا گەرمەکەی و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا”.
“ئەمساڵ تا ئێستا ئەو 20 مێگاواتە دابین نەکراوە و بەنیاز نین پێمان بدەن، ئێمەش نازانین ھۆکارەکەی چییە، بەڵام پێمان وتراوە ئەمساڵ ئەو بڕە زیادە دابین ناکرێت”، ئالان ئەرکان وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بەشە کارەبای گەرمیان 110 مێگاواتە، رۆژانە نزیکەی 12 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاوڵاتیان، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە بە مۆلیدەی گەڕەک پڕدەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا