418 ملیۆنى تێدەچێت

رێگای گۆڕستانی نوێی سەیدسادق قیرتاو دەکرێت

وریا فەتاح

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە فەرمانى وەزارى بۆ قیرتاوکردنى رێگاى گۆڕستانى نوێى سەیدسادق دەرکرد.

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بڵاوى کردەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن فەرمانی وەزاری بۆ پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گۆڕستانی نوێی سەیدسادق، لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی دەرکرد.

وەک باسکراوە، پڕۆژەکە پێکهاتوە لە قیرتاوکردنی رێگایەک بە درێژی (2.9) کیلۆمەتر، بەگوژمەی (418)ملیۆن و (390)هەزار دینار، کە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ئاشکراشى کردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.