هەولێر
درۆنێک لە ناحیەی شەمامک کەتووەتە خوارەوە
964+
ئەحمەد شەمزین
لە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر دوای نیوەرؤی ئەمڕۆ درۆنێک خرایە خوارەوە و کونسوڵخانەی ئەمریکاش لە هەولێر زەنگی ئاگادار کردنەوەی لێدا، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
پەیامنێرانی 964 لە هەولێر بەدوای رووداوەکەدا چوون و ئەحمەد شەمزین رۆیشتە شوێنی کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە شوێنەکە کۆیکردوونەتەوە دەڵێت، پێش کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دوو هەلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی گوندی سۆربەشدا سووڕاونەتەوە و خەڵکی ناوچەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوون، دواتر پێش کاتژمێر 3:30 خولەک درۆنێک لە دەشتایی گوندی سۆربەش كاكەڵا خراوەتە خوار.
گوندی سۆربەش سەر بە ناحیەی شەمامکە و 15 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە.
عەبدولعەزیز خالند رۆیشتە لای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و رایگەیاند لە دوای کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە لە کونسوڵخانەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر