گردبوونەوەى خاوەن باخەکانى کەلار
جوتیاران ناڕازى بوون
بڕیاری رووخانی باخەکانی شەقامی پشتێنەیی کەلار راگیرا
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی بازرگانی لەسەر رووبەری 200 دۆنم زەوی، بڕیاری روخانی ژمارەیەک باخی سەر رێگای شەقامی پشتێنەیی کەلار بە دیوی گردەگۆزینە ھەبوو، بەڵام دوێنێ خاوەن باخەکان گردبونەوە و پرۆژەکە راگیرا.
ئەو جوتیارانە دوێنێ یەکشەممە، گردبونەوە بە 964یان وت،”قبوڵ ناکەین باخەکانمان بکرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبون و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو زەویانەیە”.
ئەمڕۆ دووشەممە، شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت،”ئەو جوتیارانە دوێنێ ھاتنەلامان و ناڕازی بوون لە روخاندنی باخەکانیان بۆ پرۆژەی بازرگانی”.
“پشتگیری داوای جوتیارەکانمان کرد، بڕیاری راگرتنی پرۆژەکەماندا، باخەکان ناروخێندرێن و وەکخۆیان دەمێننەوە”، شادیە حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر زەوی دیکەمان لەبەردەست بێت دابینی دەکەین بۆ پرۆژەکە، بەڵام ئەگەر زەوی گونجاویان لەبەردەست نەبێت ئەوا پرۆژەکە بەیەکجاری رادەگیرێت و جێبەجێناکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح