دەزگای ئاسایشی هەرێم:
“دڵنیابن ناوچەکە ئارامە و هیچ مەترسییەک نییە”
ئەمەل ناجی – خورماڵ
دوای کەوتنەوەی ئاگرێک لە بناری سورێن و درووستبوونی دەنگۆی کەوتنی درۆن، دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیدا و دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و هیچ درۆنێک نەکەوتووەتە خوارەوە.
ئەمەل ناجی پەیامنێری 964 لە هەڵەبجە هەر زوو گەیشتە گوندی نەوێ و قسەی لەگەڵ خەڵکی گوندەکە کرد ئەوان باسیان لەوە کرد، “پێدەچێت هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووبێت”
باسیان لەوەشکرد، ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵانی رابردووش بەهۆی شۆرتی کارەباوە، ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.”
لە روونکردنەوەکەیدا دەزگای ئاسایشی هەرێمیش ئاماژەی بەوەداوە، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، و ئاگر کەوتۆتەوە و چەند مینێکی سەردەمی شەڕ تەویوەتەوە و هۆکاری دەنگەکە ئەوە بووە.
دەشڵێت، “لەگەڵ ئاگادارکردنەوەیاندا تیمەکانمان بە هەماهەنگی ئاسایش و بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.”
دەزگای ئاسایشی هەرێم، خەڵکی ناوچەکەشی دڵنیا کردووەتەوە کە ناوچەکە ئارامە و هیچ مەترسیەک بوونی نییە.
ئاگرەکە ئێستا لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە کۆنترۆڵکراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر