زیاتر لە 200 کەسن
گەشتیارە کوردەکانی دوورگەی کیش بە کەشتی دەگەڕێندرێنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەگەر ئەمشەو گەشتی ناوخۆیی بۆ فڕۆکەی مەدەنی لە ئێران دەستپێ نەکاتەوە، سبەینێ بە کەشتی گەشتیارە کوردەکانی دووری کیش بۆ دوورگەی چارەکی ئێران دەگوازرێنەوە، دواتر بە رێگەی وشکانی لە خاکی ئێرانەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆ پشووەکانی جەژن، زیاتر لە 200 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی شارە جیاوازەکانن، لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تاران و لە ئێرانەوە گەشتیان بۆ دوورگەی کیش کردووە، پلانەکەیان وابووە، رۆژی هەینی 13.6.2025 کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆ بگەڕێنەوە، بەڵام بەرەبەیانی هەمان رۆژ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەو پلانەی هەڵوەشاندنەوە و ئاسمان بەرووی گەشتەکان داخرا.
ئەو گەشتیارانە، بە کۆمپانیا و گرووپی گەشتیاری جیاواز چوونەتە دوورگەکە، سەرباز گۆران، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای زەماڵەیە بۆ گەشتیاری ئەو بە 964ی وت، گەشتیارەکانی ئەوان دواین گرووپ بوون، کە ژمارەیان 70 کەسە، بڕیاریان داوە سەرجەم خەرجی مانەوە و شوێنی پێویستیان بۆ دابین بکەن و ناوچەکەشیان ئارامە.
لەبارەی پلانی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بۆ خاکی هەرێمی کوردستان دوو پلانیان لە بەردەمە، ئەو وتی، چاوەڕێ دەکەین ئەمشەو تا سبەی بەیانی، گەشتی ناوخۆیی لە ئێران بۆ فڕۆکەی مەدەنی دەستپێ بکاتەوە تا لە کیشەوە بچنە تاران، لە تارانەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەگەرنا پلانی جێگرەوە ئەوەیە، بە کەشتی سبەینێ بۆ دوورگەی چارەک بگوازرێنەوە سەر رێگەی وشکانی لە ناو ئێران، وە دواتر بە پاس بگەڕێندرێنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەم کۆمپانیایایە وتی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری دۆخەکەیە و لیژنەیان بۆ کۆی ئەو گەشتیاران دروست کردووە کە لە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان گیریان خواردووە و ناتوانن بگەرێنەوە، ئێمەش وەک خۆمان تیممان بۆ پاراستنی گەشتیارەکان و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی گەڕانەوەیان دروست کردووە.
کیش، یەکێکە لە دوورگەکانی ئێران لە رووی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای هورمزە، ژمارەی دانیشتوانەکەی 22 هەزار کەسە، ناوچەیەکی گەشتیاری تایبەتمەندە و چەندین ناوەندی بازرگانی و شوێنی کلتوری و مێژووی تێدایە، دوورگە ناوی خۆی بەخۆیوەیەتی چواردەوری ئاوە و بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە فڕۆکە یان کەشتی رێگە چارەیانە.