فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق - وێنە: IA
لە بەغداوە ئەمڕۆ دەچن
گەشتی ئاسمانی نێوان عێراق و تونس دەستپێدەکاتەوە
ئەحمەد مستەفا
هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی نێوان عێراق و تونس دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق بە وڵاتانی عەرەبی و هاندانی گواستنەوەی ئاسمانی.
گەشتەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.6.2025 لە فڕۆکەخانەی بەغدا ئەنجام دەدرێ.
رەنا روفەیعی، ئەندامی تیمی راگەیاندنی هێڵی ئاسمانی عێراقی بە 964ی وت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق و کۆماری تونس رادەگەیەنین، کە بەشێکە لە پلانێکی فراوانکردن و هەمەچەشنکردنی شوێنەکانی گەشت و زیادکردنی پەیوەندیی ناوچەیی لەنێوان پایتەختە عەرەبییەکاندا.
کارەکە بە رێنمایی وەزارەتی گواستنەوە کراوە، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، روفەیعی وتی، گەشتە راستەوخۆکان بۆ پایتەختی تونس بەپێی خشتەی ئاسایی و بە بەکارهێنانی نوێترین فڕۆکە ئەنجامدەدرێت و کۆمپانیاش هەموو ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی تەواوکردووە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو لایەنی عێراقی و تونسیدا کراوە.
ئەوە لە کاتێکدا، هێڵی ئاسمانی عێراقی شەوی رابردوو ریگەیاند، کارەکانیان بۆ دەستپێکردنەوە و شکاندنی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە و ئەوان تەنیا هێڵ نین کە قەدەغەی گەشتیان لەسەر بێت، هەروەک دان بەوەدانا، شکاندنی ئەو قەدەغەیە پێویستی بە هەندێک کار هەیە، کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانە.