جیاوازیی كڕین و فرۆشتن چوار هەزار دینارە

نرخی دۆلار لە هەولێر بەرزبووەتەوە و هەریەكەی بە نرخێک دەیفرۆشنێ

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و هەولێر بە تایبەتی، نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە جیاوازییە لە كڕین و فرۆشتنی دۆلار، ئۆفیسەكانی ئەو کارە دەکەن، لە كڕین و فرۆشتنی دۆلاردا جیاوازیی نزیكەی چوار هەزار دیناریان هەیە.

ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریكی بە گشتی نرخەكەی لە هەولێر بە 148 هەزار بووە، ئۆفیسەكانیش ئەگەر دۆلارت لێبكڕن، بە 144 هەزار لێت وەردەگرن.

هەرچەندە ئەمڕۆ بۆرسەی دراوەكان داخرابوو، بەڵام پەیامنێری 964 لەگەڵ چەند فرۆشیارێكی دۆلار قسەی كرد و ئەوانیش هەریەكە و رای خۆی سەبارەت بە نرخ و جوڵەی بازاڕ هەبوو.

مەجید عوسمان لە بازاڕی هەولێرە و دەڵێت، دۆلار بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە گران بووە، خەڵك دەترسێ شەڕەكە عێراقیش بگرێتەوە و ئەوكات نرخەكەی گرانتر دەبێت، بەڵام هەر شەڕ بوەستێ دۆلار دێتەوە 141 هەزار.

وتیشی، ئەمڕۆ بۆرسە نییە و بازاڕەكە بەجۆرێكە، هەریەكەی بە نرخێك دەیفرۆشێت.

عەبدولخالق عەبدوڵا، كاسبكارێكی دیكەی بازاڕی دراوە و دەڵێت، بازاڕ ئازادە و لە سەنتەری بازاڕ و لە ئیسكان هەریەكەی بە نرخێك مامەڵە بە دۆلارەوە دەكات.

بەڵام كاوە محەمەد قسەیەكی دیكەی بۆ 964 كرد و وتی، “ئەمڕۆ بۆرسە نییە، خەڵكانێك دەیانەوێت خۆیان بەو بارودۆخە دەوڵەمەند بكەن، ئەگەرنا ئەمەی هەیە هەمووی بێویژدانییە”.

وتیشی، بە چ هەقێك جیاوازی چوار هەزار لە كڕین و فرۆشتنی 100 دۆلار هەیە، وەزعەكەش باش نییە و عێراق سەروەری خۆی و دراوەكەی لەدەستداوە.

لەگەڵ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و تێكچوونی بارودۆخی ناوچەكە، دوێنێ بە خێرایی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی كوردستان بەرزبووەوە و دیاریش نییە نرخەكەی چی بەسەردێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سبەینێ کە داخرا سێشەممە بازاڕی دۆلارەکە دەکرێتەوە

سبەینێ کە داخرا سێشەممە بازاڕی دۆلارەکە دەکرێتەوە