
دیمەنێک لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیفی 964
بڕیارێکى بەپەلە لە وەزارەتى پەروەردەوە
سەرجەم تاقیکردنەوەکانی هەرێم دواخران؛ پۆلی 12یش دەگرێتەوە
964+
وریا فەتاح
کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڕیاری دا بە دواخستنی سەرجەم تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەک، کە تاقیکردنەوەی وزاریی پۆلی 12ـى ئامادەییش دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دواخستنەکە لە سبەی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025ـەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەکە.
روونیشى کردووەتەوە، سەرجەم تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان (ئەهلی و نێودەوڵەتی) دوادەخرێن.
ئاشکراشى کردووە، تاقیکردنەوەی وزاریی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیش بۆ هەموو قۆناغەکان دوادەخرێن.
وەزارەتى پەروەردە ئاماژەى بەوەکردووە، خشتەیەکی نوێی تاقیکردنەوەکان لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
وەزارەتەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ “بەرژەوەندی گشتی” گەڕاندووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە لەم هەفتەیەدا لە هیچ ناوەندێکی خوێندن تاقیکردنەوە بەڕێوەناچێت.
دەقى راگەیەندراوەکە
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە :
لەبەر بەرژەوەندی گشتیی ، ئەم هەفتەیە واتە لە سبەی رۆژی شەممە ١٤ ی ٦ ی ٢٠٢٥ وە هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان بە قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتیەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی ١٢ ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە ؛ وە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکانیش هەمووی دوا دەخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو. لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن .پاشتر لە رێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
١٣ ی ٦ ی ٢٠٢٥