پەرلەمانتارێكی عێراق:

شەڕی ئێران و ئیسرائیل کێشەی گەورە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق دروست دەكات

+964
فەرهاد حەسەن

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوام بێت، كێشەی گەورە بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق دروست دەكات و هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی باشووری عێراقەوە ئەستەم دەبێت و بەناچار عێراق بۆری نەوتی كوردستان بەكار دەهێنێت.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە فەیسبووكەی بڵاویكردووەتەوە، ئەو شەڕەی كە پێشبینیی دەكرا لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لە لایەك و ئێران لە لایەكی تر رووبدات، خەریكە سەرەتاكانی دەردەكەون.

ئەو مەترسییەشی ئاشكرا كرد، كە ئەم شەڕە هەر لە سنووری نێوان ئیسرائیل و ئێران قەتیس نابێ و پڕیشكی شەڕەكە دەگاتە عێراقیش، بەڵام ئەگەر شەڕەكە تەشەنە بكات، لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا جموجۆڵی كەشتیوانی لە كەنداوی عەرەبی و بە تایبەتیش لە رێگەی بەندەری فاو ئێجگار قورس دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق نەتوانێت نەوتەكەی خۆی لە رێگەی باشوورەوە هەناردە بكات.

ئەو پەرلەمانتارە، درێژەكێشانی دۆخەكە بەوە دەبینێتەوە كە عێراق بە ناچاری لە رێگای بۆری گواستنەوەی نەوتی كوردستانە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا، نەوتەكەی بنێرێتە دەرەوە.
باسی لەوەشكردووە، لە ساڵانی رابردوودا لە چوارچێوەی سیاسەتی دژایەتیكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، حكومەتی فیدڕاڵی بۆڕی نەوتی كوردستانی لەكار خستووە، بەڵام “وادیارە بارودۆخەكە بەرەو ئاوەژووبوونەوە دەچێت و بەم جۆرەش عێراق بە ناچاری پەنا بۆ بۆڕی نەوتی كوردستان دەبات و وەگەڕی دەخاتەوە، چونكە ئەگەر ئەمە نەكات، سەرچاوەی سەرەكیی داهاتەكەی دەكەوێتە مەترسییەوە”.

ئێران و میدیاکەى بێدەنگە؛ لەبارەى کوژرانى قائانییەوە

ئێران و میدیاکەى بێدەنگە؛ لەبارەى کوژرانى قائانییەوە