بچوکترین حاجى جیهان
بەرەکەتى حەج بۆ کورد لە دایکبوونى حاجى محەمەد بوو
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ئەمڕۆ لە سعودیە منداڵێک لە دایک بوو کە دایک و باوکی دانیشتوی قەزای خەلیفانن و بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودیەن، کەسوکاری دڵخۆشن بەوەی منداڵەکەیان لە سعودیە لە دایک بووە، نەنکی منداڵەکەش دەڵێت،” هەموومان خەنی بووین بەم هەدیەیە”.
فاتیمە خدر، کە دەکاتە نەنکی منداڵەکە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”خانەوادەکەمان بەم دیاریەی خودا زۆر دڵخۆش بووین، یەکەمجارە هەواڵێک ئەوەندە دڵم خۆش بکات ئەمە دیاری و هەدیەی خودایە بۆ ئێمە”
وەک باسی دەکات، دایک و باوکی ئەو منداڵە، تەواوی فەریزەی حەجیان بەجێهێناوە، پێش ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ کوردستان خودا ئەو منداڵەی پێ بەخشیون.
شاکر قادر، مامی منداڵەکەیە بە 964ـی وت،” دوێنێ شەو قسەم لەگەڵ براکەم کرد منداڵەکە لە دایک نەببوو، ئەمڕۆ هەواڵیان بۆ هێناین کە منداڵەکەیان لە دایک بووە، قسەشمان لەگەڵ کردون، تەندروستی منداڵەکە و دایکەکەش زۆر باشە”.
مامی ئەو منداڵە باس لەوەش دەکات کە پێشتر بڕیاریاندا بوو منداڵەکە ئەگەر لە دایک بوو ناوی بنێن قادر بەناوی باپیری، بەڵام چونکە میوانی پێغەمبەر بوون، براکەم بڕیاری داوە ناوی لێ بنێت محەمەد.
ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار و 150 حاجی کوردستان سەردانی فەریزەی حەجیان کردوە، ئەمە یەکەم حاڵەتی لە دایک بوونی منداڵی کورد بوو لە سعودیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح