"جوتیارانی گەرمیان"
نیگەرانن لەو بڕە گەنمەی لێیان وەردەگیرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سایلۆی کەلار بەڕووی جوتیارانی گەرمیان کرایەوە بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان، جوتیارانیش دەڵێن، ئەو بڕەی لێمان وەردەگیرێت زۆر کەمە.
جوتیارێک ھاتبو گەنمەکەی بداتە سایلۆی کەلار بە 964ـی وت، ئەو گەنمەی لێمان وەردەگیرێت زۆر کەمە لەچاو ئەو بەرھەمەی کە ھەمانە، ناچارین خوتەی وەرگرتنی گەنم بکڕین بۆئەوەی بەشێکی زۆری گەنمەکانمان بدەینە سایلۆ و زەرەر نەکەی”.
“ئەمساڵ نزیکەی 200 تۆن گەنمم ھەیە، بەڵام سایلۆ تەنھا 21 تۆنم لێوەردەگرێت، ئەمەش زەرەرە بۆ جوتیاران و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت بە ھەرزانتر بیفرۆشین”،ئەو جوتیارە وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،ترسی ئەوەشیان ھەیە بەھۆی کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا، پارەکەی جوتیارانیش لەوبەینەدا بفەوتێت و پێمان نەدرێت.
جوتیارێکی دیکە باسی لەوەکرد،”نزیکەی 60 تۆن گەنمی ھەیە، تەنھا پێنج تۆنی لیوەردەگیرێت، داوادەکات بڕەکەی زیاتر بکرێت بۆئەوەی جوتیاران زەرەر نەکەن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی