"ئه‌مه‌ى كراوه‌ برسیكردنى هه‌رێمێكه‌"

37 رێکخراو له ‌دژى پێنەدانی مووچەی فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم هاتنه‌ده‌نگ

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌هه‌رێمی كوردستان 37 رێكخراوى جیاواز به‌یه‌كه‌وه‌ راگه‌یندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌ دژى پێنه‌دانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هاتوونه‌ته‌ده‌نگ و داوا دەکەن لەژێر هەربیانوویەکەدا مافی هەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئه‌م رێكخراوانه‌، ئاراستەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان له‌ عێراق و بەرپرسی یۆنامی، نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و باڵوێز و کونسوڵگەریی وڵاتان لە بەغداد و هەرێمی کوردستان کراوە.

رێکخراوەکان ده‌ڵێن، بە پشتبەستن بە رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، دەستووری عێراقی و یاسا کارپێکراوەکان داوا دەکەن لە ژێر هەر بیانوویەکدا، مافی هەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە کاتێکدا هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە لە چاوەڕوانی جەژنی قوربان و وەرگرتنی مووچەکانیاندا بوون، بەڵام نووسراوی ژمارە 14502ـی وەزارەتی دارایی عێراق لە رۆژی 28.5.2025 هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی تووشی دڵەڕاوکێیەکی قوڵ کرد!

پێیانوایه‌، موچه‌ مافێکی بنەڕەتی هەموو ئەو کەسانەیە کە بە یاسا، بۆیان ڕێکخراوە و بڕینی ئەو مووچەیە، پێشێلکردنی ئەو مافەیە و دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی توندڕەوی و رقلێبوونەوە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلانی عێراقدا.

“ئەم بریارەی وەزارەتی دارایی عێراق، دەبێتە هۆی برسیکردنی هەرێمێک لە رێگەی بڕینی مووچەی هەزاران لە کارمەندانی حکومی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، هاوکاری خاوەنپێداویستی تایبەت و ژنانی سەرۆک خێزان” له‌ راگه‌یه‌ندراوى رێكخراوه‌كاندا هاتووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان وه‌كو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەریەککەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ بەشێکی زۆری کۆمەڵگە هەیە و لە هەمووان زیاتر هەست بە مەترسییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بڕینی مووچە دەکەن و ده‌ڵێن “دەزانین درێژەکێشانی ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی برسیکردن، لێکترازان و تێکدانی پێکەوەژیان لە عێراقدا”.

یەکێتی پیاوان: بێ مووچەی پیاوی تووشی کێشە کردووە

یەکێتی پیاوان: بێ مووچەی پیاوی تووشی کێشە کردووە

مووچەی 900 ژنی کەمدەرامەت بڕدرا

مووچەی 900 ژنی کەمدەرامەت بڕدرا

بەشێکی تر لە مووچەی مانگی نۆ خرایە سەر هەژماری من

بەشێکی تر لە مووچەی مانگی نۆ خرایە سەر هەژماری من