لەسەر بەنداوی باوەشاسوار

کفری دەبێتە خاوەنی کۆرنیش

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری، دەکرێتە جێگایەکی گەشتیاری و کۆرنیشێک لەسەر بەنداوەکە دروست دەکرێت و دوێنیش کارەکانی دەستیپێکرد.

عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری بە 964ـی وت، دەستکرا بە کارکردن لە قۆناغی یەکەمی کۆرنیشی بەنداوی باوەشاسوار، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان ئەنجامدەدرێت”.

“کۆرنیشەکە درێژیەکەی نزیکەی کیلۆمەترێکە، لە قۆناغی یەکەمدا کۆنکرێتی کۆرنیشەکە دەکرێت بە درێژایی 400 مەتر بۆ گلدانەوەی ئاو و بەشێوەی درۆپین ئاو دەچێتە خوارەوە بۆ جوانکاری کۆرنیشەکە، دواتر بەشەکانی دیکەش دەستپێدەکات”،عەلی خورشید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 389 ملیۆن دینارى بۆ تەرخانکراوە، لەماوەی 180 رۆژ قۆناغی یەکەم تەواو دەکرێت، بە تەواوبونی ھەموو بڕگەکان، کفری ھەنگاوێکی باش لەڕوی گەشتیاری دەچێتە پێشەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی