لە پاڵاوگەی بێجی
شۆفێرێک ویستی سەرخەوێک بشکێنی بەڵام گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەناو پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین، شۆفێری تانکەرێک لەکاتی پشووداندا، شۆفێرێکی دیکەی هاوڕێی بەهەڵە بەسەریدا رۆشتووە و بووە بەهۆکاری گیانی لەدەستدانی.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025، ئیحسان عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، شۆفێری تانکەرێک لەناو پاڵاوگەکە بەهۆی گەرماو ماندوبوونەوە، ویستوویەتی پشوویەک بدات و لەکاتی سەرخەو شکانێکدا، لەلایەن شۆفێرێکی دیکەی هاوڕێیەوە بەهەڵە بەسەریدا رۆشتووە.
لەوێ شۆفێرەکە بە سەختی بریندار بووە، پاش برینداربوونی گەیەندراوە بە نەخۆشخانەی قەزای بێجی، بەڵام پاش نانی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
بە قسەی ئەو بەرپرسە،لە کاتی رووداوەکە دەستبەجێ کارمەندانی پاڵاوگەکە و هێزەئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و شۆفێرەکە دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس کراوە، وە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی سەڵاحەدین کراوەو دوای تەواوبونی رێکارەکان رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، ئەو شۆفیرەی گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 37 ساڵەو خێزاندارە، وە پیشەی گواستنەوەی سوتەمەنی بووە لە پاڵاوگەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا