نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری بۆ 964 قسە دەكات

لە خولێكی فەرمی چین ئاڵای كوردستان بەبێ‌ ئاڵای عێراق هەڵكراوە

964+

محەمەد فاتیح

پێنج هاونیشتیمانی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی لە چینن و یەكێكیان نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمە و زیاتر لە چارەكێك قسەی بۆ كردین و چینی وەك هێلكەیەكی پاككراو خستە بەردەست 964.

مەریوان نەقشبەندی نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چین بە 964ـی وت، “ئەم خولەی ئێمە بەشداری تێیدا دەكەین تایبەتە بە چۆنێتی ئاڵوگۆڕی كلتوری و رۆشنبیری و زمان و بەدرێژایی 21 رۆژ بەشدار دەبین لە خولەكان بەردەوام دەبێت تاكو 25ـی مانگ و لەلایەن زانكۆی نان چان بانگهێشكراوین كە یەكێكە لە هەرە زانكۆ گرنگ و بەناوبانگەكانی چین كە قوتابی زیاتر لە 80 دەوڵەت لەخۆدەگرێت”.

ئەو دەشڵێت، “ئەم خولە بۆ 25 كەس كراوەتەوە، پێنجمان كوردین و خەڵكی هەرێمی كوردستانین و من نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمم و تەواوی خەرجییەكانیشمان لەسەر حكومەتی چینە، ئێمە هەوڵێكی باشمان داوە كە ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێم هەیە بیگەیەنین بە چینییەكان و كلتور و رۆشنبیری كوردستانمان خستووەتەڕو “.

“ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە تەنیا لە كوردستان خەڵكیان بانگهێشت كردووە واتا هیچ كەسێكی تر لە ناوچەكانی عێراق بەشداریان نەكردووە و توانیمان ئاڵای كوردستان لەناو ئاڵاكانی تردا دابنێین و لە هۆڵی محازەرەكاندا شەكاوەیە بەبێ‌ ئەوەی لەپاڵ ئاڵای عێراقدا بێت بەڵكو بەجیا لەپاڵ ئاڵاكانی وڵاتی سوید و وڵاتەكانی ترەوەیە ” مەریوان نەقشبەندی واى وت.

وتيشى، “ئێمەی كوردەكان داوامان كرد كە بچین بۆ یەكێك لە مزگەوتەكان یان بچینە نێو موسڵمانان و چەژنە پیرۆزە لەیەك بكەین هەرچەندە لە بەرنامەی خولەكەشدا نەبوو بەڵام بردمانیان بۆ مزگەوتێكی گەورە كە زیاتر لە 20 هەزار كەس لەو مزگەوتە نوێژی دەكرد و جێگە لەناو مزگەوتەكە نەمابوو بۆیە زۆربەمان لەدەرەوەی مزگەوتەكە نوێژی بەیانیمان كرد و حكومەتی چین ئاسانكاری زۆری كردووە تاكو موسوڵمانەكان بتوانن بگەنە مزگەوتەكان  و زیاتر لە 40 مزگەوتی گەورە هەیە لە سەرجەم هەرێمەكانی چین و بە مەلایین موسڵمان نوێژی تێیدا دەكەن وهیچ جیاوازی ناكرێت لە نێوان موسڵمانەكان و بیروباوەڕەكانی دیكە”.

“لە ئێستادا دانیشتوانی چین ملیارێك و 400 ملیۆن و500 هەزار كەسن و 56 كەمایەتی بونیان هەیە لە چین”