وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی کەلار _ وێنە: 964
هێشتا سایلۆ نەکراوەتەوە
وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی گەرمیان لەسەر لیژنەیەکی بەغدا ماوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە، 10.6.2025 لە سایلۆی کەلار گەنمی جوتیاران وەربگیرێت، بەڵام بەھۆی نەھاتنی لیژنەیەک لە بەغدا گەنم وەرنەگیرا، بەڕێوەبەری سایلۆکەش دەڵێت، نازانین کەی لیژنەکە دێت.
کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار بە 964ـی وت، بڕیاربوو ئەمڕۆ سایلۆی کەلار بەڕووی جوتیاران بکەینەوە و گەنمەکانیان لێوەربگرین، بەڵام لیژنەکەی بەغدا نەھاتنە سایلۆی کەلار، تا ئەو لیژنەیەش نەیەنە سایلۆکە ناتوانین گەنمی جوتیاران وەرگرین.
لیژنەکەی بەغدا بۆ ئەوەدێن قەپانی سایلۆکە تاقیبکەنەوە و لە کارکردنی دڵنیاببنەوە، ئەمڕۆ رۆشتبوونە سایلۆی سلێمانی و چەمچەماڵ، چاوەڕێین بزانین کەی دێنە کەلار”،کاروان رەئوف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زەحمەتە سبەینێش بێنە کەلار، چاوەڕێدەکەین تا لیژنەکە دێن، ھەرکات ھاتن ئەگەر دوای نیوەڕۆش بێت دەستدەکەن بە وەرگرتنی گەنم.
لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران کاروان رەئوف وتیشی، تەنھا ئەو گەنمانەی بە سیستمی نوێ”مرەشە” ئاو دراون، لەبەرامبەر ھەر تۆنێک بڕی 850 ھەزاریان پێدەدرێت، گەنمەکانی دیکەش بە 800 ھەزار دینار وەردەگیرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی