دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق
لە كەركوک
بەرپرسێک بەهۆی گەندەڵی دەستبەسەر كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری دادنووسی ناحیەی زاب لە كەركوك دەستبەسەر كرا، بە تۆمەتی ئەوەی كاری ساختەكاری كردووە و چەندین بریكارنامەی بە ناوی هاوڵاتینەوە رێكخستووە.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، تیمێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک، کە سەردانی دادنووسی ناحیەی زابیان کردووە، توانیویانە ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە دادوەرییە جێبەجێ بکەن کە لە دژی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی گومانی گەندەڵی و سەرپێچی لەسەر بووە.
دەستەكە دووشەممە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، کە بەڕێوەبەری دادنووسی ناحیەی زاب تاوانی ساختەکاری و دەركردنی بریكارنامەی بە ناوی هاوڵاتیان كردووە، بۆیە دەستبەسەر كراوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لە وەزارەتی داد پێکهێنرابوو، بەدواداچوونی بۆ كارەكانی ئەو بەڕێوەبەرە كردووە و بڕیاری دوورخستنەوەی لە كارەكەی دراوە.
بە پێی راگەیاندراوی دەستەی دەستپاكی، بەڕێوەبەرەكە دەستكاری تۆماری ژمێریاریشی كردووە و بریكارنامەی تەزویری دروست كردووە، كە هەموو ئەو كارانە دەچنە خانەی گەندەڵی و نایاساییەوە.