دوو کەسن و یەکێکیان کارگوزاری فەرمانگەکەیە
204 ملیۆن دیناریان لە فەرمانگەی دادنووسی بەردەڕەش دزی و دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
بە تۆمەتی دزی لە فەرمانگەی دادنووسی بەردەڕەش دوو تۆمەتبار دەستگیر کران کە یەکێکیان فەرمانبەری فەرمانگەکەیە.
عیماد حوسێن بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ـی وت، “نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەردەڕەش دوو کەسی بە تۆمەتی دزینی 204 ملیۆن دیناری عێراقی لە فەرمانگەی دادنووسی بەردەڕەش دەستگیرکردووە”.
“هەر دوو تۆمەتبار خەڵکی بەردەڕەشن و یەکێکیان وەک کارگوزار فەرمانبەری فەرمانگەی دادنووسی بەردەڕەشە”، عیماد حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دزییەکە لە چەند رۆژی رابردوودا روویداوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا هەردوو تۆمەتبار دانیان بە تاوانەکەیاندا هێناوە.
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی، ئێستا تۆمەتباران بە ماددەی 316 لە یاسای سزادای عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.