خەڵکی بەغدایە
تەرمی گەنجەکە دۆزرایەوە کە لە حەمرین ژێرئاو کەوت
ئەحمەد مستەفا
تیمەکانی مەلەوانی لە پۆلیسی دیالە، تەرمی ئەو گەنجەیان دۆزییەوە کە لە رووباری حەمرین لە دوێنێ شەوەوە خنکابوو، ئەوەش دوای هەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی فریاکەوتن و گەڕان.
ئەو گەنجە بە چووپەوە لە دەریاچەی حەمرین مەلەوانی کردووە و دواتر ژێر ئاو کەوتووە، درەنگانی دوێنێ شەو رووداوەکە روویداوە و تا ئەم نیوەڕۆیە هیچ سۆراغێکی نەبوو، دواتر پۆلیس دۆزینەوەی تەرمەکەی راگەیاند.
پێشتر، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە رووداوەکە بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، کاتژمێر 2:00ی شەوی رابردوو، گەنجەکە خنکاوە و پاش کەمتر لە کاتژمێرێک تیمەکانی غەواس کەوتنە گەڕان بەدوای چارەنووسی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکەوە دەست 964 کەوتووە، گەنجەکە تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی بەغدایە و دوێنێ شەو لەگەڵ دوو لە هاوڕێیەکانی هاتوون بۆ کات بەسەربردن، بەڵام ئەو رووداوە روویداوە، ئێستاش هاوڕێیەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکرێت.