بازاڕی هەولێر

بەهۆی گەشتیارانەوە پەنیرفرۆشەكان كردیان بە شیرینی

964+

عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر

ئەمڕۆ لە چوارەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا بازاڕی هەولێر بە گشتی و قەیسەرییەكەی بە تایبەتی، بە رووی هاوڵاتیان و گەشتیاران كراوەتەوە، دوكاندارێكیش دەڵێت، گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر هەنگوین و نانەقەیسی و گەزۆ دەكڕن.

پەیامنێری 964 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9.6.2025 لە ناو بازاڕی هەولێر بوو، گەشتیار و هاوڵاتیان لە ناو بازاڕن و خەریكی بازاڕكردن و پیاسەن.

وشیار كەمال دوكاندارێكی ناو بازاڕی قەیسەرییە و شیرینی و چەرەزان دەفرۆشێت، ئەو بە 964ی وت، بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە بەشێكی دوكاندارانی گوزەرەكەیان لە فرۆشتنی پەنیرەوە كردیان بە دوكانی شیرینی.

وتیشی، گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق بە زۆری روودەكەنە هەولێر و هەنگوین و نانەقەیسی شەقڵاوە و گەزۆی سلێمانییان بەدڵە.

دوكاندارەكە پێی وایە جەژنی ئەمساڵ جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ جەژنەكانی پێشتر نییە لە رووی هاتنی گەشتیار و فرۆشی بازاڕەوە، ئەوەشی وت، “جار هەیە زیاد دەكات و جاریش هەیە كەم دەكات”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دووەم رۆژی جەژنە و گەشتیارێکی زۆر رووی کردووەتە هاوینە...

دووەم رۆژی جەژنە و گەشتیارێکی زۆر رووی کردووەتە هاوینەهەواری زەڵم