گەشتوگوزار چاودێری دەکات
دووەم رۆژی جەژنە و گەشتیارێکی زۆر رووی کردووەتە هاوینەهەواری زەڵم
+964
ئەمەل ناجی – هەورامان
لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان و بە تایبەتی سەرچاوەی زەڵم و ئەحمەدئاوا جمەیان دێت لە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی، خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکانیش تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.
نیلوفەر سەڵاح گەشتیارێکە لە سلێمانییەوە هاتووە و ئەو بە 964ـی وت، خزمی رۆژهەڵاتیان هاتووە و پێکەوە هاتوون بۆ زەڵم، چونکە کەشوهەوای ئێرە فێنک و خۆشە و زۆرجار ئێمە بۆ گەشت و سەیران سەردانی سەیرانگاکانی هەورامان دەکەین، بە تایبەتی ئەحمەدئاوا چونکە بەلای ئێمەوە لە هەموو شوێنێک خۆشترە.
هەورامان جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەش دەربارەی دۆخی گەشتیاری لەم دوو رۆژەدا بە 964ـی وت، هاتنی گەشتیار لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا بووە و ئێمەش هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، بەردەوام لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت، پۆلیس، و پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر خەتین هەتا هیچ سەرپێچی و بەرزکردنەوەیەک لە نرخەکان روونەدات.
پێشتر هەورامان جەلال بە 964ـی وتبوو، بە پێی ئەو ئامادەکارییانەی کە کردوومانە لە پشووی جەژندا چاوەڕێی هاتنی زیاتر لە 85 هەزار گەشتیار و سەردانیکەر دەکەین بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە و هەورامان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی