زاخۆ
رێگاى چوار شوێنى گەشتیارى بە خەریکە بەتەواوەتى پەکى دەکەوێت
964+
رێگای سەرەکیی چوار شوێنى گرنگی گەشتیاری لە زاخۆ، کە درێژییەکەی نزیکەی 15 کیلۆمەترە، بەتەواوی وێران بووە. گەشتیاران و شۆفێران ناچارن بۆ گەیشتن بە سیلاڤی شەرانش، شکەوتی بهێر، هاوینەهەواری دەشتەتەخ و کانیی خەما، رێگایەکی دوورتر و لاوەکی بەکاربهێنن.
رێگاکە بە ڕادەیەک تێکچووە کە تەنیا چەند پارچەیەکی قیرتاوی لێ ماوەتەوە و شۆفێران ناتوانن خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان لە 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاتر بکەن.
بەشار موعاویە، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی زاخۆ، بە 964ـی وت: “لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکەین، هەروەک چۆن پێشتر رێگای پڕۆژەکانی دیکەی وەک سیلاڤی سووریا و بەشەکانی ترمان چاککردووە.”
بەشار موعاویە ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە تەنیا نۆژەنکردنەوە نابێت، بەڵکو “پڕۆژەیەکی گەشتیاریش لەسەر هەمان رێگا جێبەجێ دەکەین کە سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچەکە بەتەواوی رادەکێشێت.”
ناوچەکە بەهۆی شوێنەوارە دێرینەکان، هاوینەهەواری دەشتەتەخ، هەروەها فێنکیی کەشوهەواکەی کە نزیکەی 10 پلەى سێلیزى لە سەنتەری شاری زاخۆ فێنکترە، لە وەرزی هاویندا بووەتە شوێنێکى گەشتیارى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح