واژۆی 50 بەڕێوەبەر و پێنج هەزار دایک و باوکی بۆ کۆ دەکرێتەوە
کۆیە .. هەڵمەتی قەدەغەکردنی چیپز و خواردنەوە گازیەکان دەستی پێکرد
+964
فەهمی نەبی
هەڵمەتی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چیپز و خواردنەوە گازیەکان لەناوەندەکانی خوێندنی قەزای کۆیە دەستیپێکردوە، پەنجا قوتابخانە لەهەڵمەتەکە بەشدارن.
هەڵمەتەکە لەلایەن هەریەکە لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کۆیە، فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی کۆیە و رێکخراوی رۆشنبیری کۆیە بەڕێوەدەبرێت.
بەوتەی سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە بێت لەسەرجەم فرۆشگای قوتابخانەکانی سنووری قەزای کۆیە، چیپز و خواردنەوە گازیەکان دەفرۆشرێن.
ئاری سابیر، بەرپرسی رێکخراوی رۆشنبیری کۆیە دەڵێت: لەسەر بنەمای گلەیی دایک و باوکان ئەو هەڵمەتەمان دەستپێکردووە کە چالاکی رۆشنبیری و کۆکردنەوەی واژۆیی دایک و باوکی قوتابیان لەخۆ دەگرێت.
هەڵمەتەکە، دوێنێ چوارشەممە 15.2.2023 لەپەنجا قوتابخانە و خوێندنگەی سنووری قەزای کۆیە دەستی پێکرد.
وابڕیارە واژۆی پێنج هەزار دایک و باوکی قوتابی، لەگەڵ یاداشتی 50 بەڕێوەبەر بۆ وەزارەت بەرزبکەنەوە تا بەیەکجاری چیپز و خواردنەوە گازیەکان قەدەغە بکەن.
لەبارەی ئەوەی بۆچی پەروەردەی کۆیە ئەو دوو بابەتەی لەفرۆشگای خوێندنگەکان قەدەغە نەکردوە، سەرپەرشتیارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە کە نەیویست ناوی بهێنرێت بۆ تۆڕی964 وتی، لەلایەن بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەوە فرۆشگای خوێندنگەکان بەپارەیەکی زۆر بەکرێ دراون، بۆیە ئەو فرۆشگایانە ناچارن بابەتی جیاواز بفرۆشن، بەڵام من لەگەڵ هەڵمەتەکەم.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کامبریج، هەریەکە لەخواردنەوە گازیەکان و چیپز بەبەردەوامی، کاریگەری خراپ لەسەر گەشەی منداڵ دروست دەکات.