ترەمپ و مەسک ددان لەیەک دەسوون
رۆژگار ئاوایە و راستە کە دەڵێن: دونیا پێچی مێزەرە
964+
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، دوو هاوڕێی کۆن کە پێشتر نان و ئاویان بێ یەکتر نەدەخوارد، ئێستا ددان لە یەکدی دەسوون و تەنانەت ئامادە نین، قسەش لەگەڵ یەکتر بکەن.
لە گەشتێکیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە رووبەڕووی پرسیاری چەند رۆژنامەنووسێک دەبێتەوە و لێی دەپرسن، “هیچ پلانت هەیە، قسە لەگەڵ ئیلۆن مەسک بکەیت کە نزیکترین راوێژکارت بوو؟”.
لە وەڵامدا ترەمپ دەڵێت، “نەخێر هیچ پلانێکم نییە، کەسی تر هەیە وەڵامی بداتەوە”.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا کتوپڕ پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان و هاوپەیمانە میلیاردێرەکەی گرژی تێکەوێت، کاتێک مەسک رەخنەی لە سیاسەتەکانی ترەمپ لەسەر یاسای باج و خەرجییەکانی ئەمریکا گرت و دواتر بە وەڵامدانەوەی ترەمپ، چەند پرسێکی دیکە هاتنە ئاراوە کە یەکسەر گۆمەکەی شڵەقاند.