"جەژنانەکە لە هەمووی خۆشترە"
منداڵان گوێیان لە موچە نییە و جەژنانەی خۆیان دەوێ
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
پارە هەبێت یان نا، کەشوهەوا گەرم بێت یان سارد، لە جەژندا منداڵان لە خۆشی و گەڕانی خۆیان ناکەون و هەمیشە لە هەمووان زیاتر بەپەرۆش و گەرموگوڕترن و هەر لە بەیانی زووەوە بە ماڵاندا دەگەڕێن و شیرینی و جەژنانەی خۆیان کۆدەکەنەوە.
لە هەڵەبجەش پەیامنێری 964 چەند منداڵێکی چاوگەشی دواندووە و یەکێکیان بەناو ژیوا دەڵێت، “کاتژمێر 12:30 خولەکی شەو لە سەرتاشخانە گەڕاومەتەوە و بەیانیش زوو هەستاوم بۆ گەڕان و چکلێت کۆکردنەوە”.
باکۆش منداڵێکی خرپن و جوانکیلەیە و دەڵێت، “جەژنانەکە لە هەمووی خۆشترە و تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار دینارم کۆکردووەتەوە”.
هەرچەندە خەڵکی کوردستان هیوایان هەبوو، پێش جەژن موچە دابەش بکرێت، بەڵام کێشەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا نەیهێشت ئەو ئاواتەی موچەخۆران بێتەدی و ئەوەش کەمێک جەژنەکەی سارد و سڕ کردەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری