بەلەمێکی بچووک ژمارەیەک کۆچبەری هەڵگرتووە _ وێنە: رۆیتەرز
دهیانویست بچنه بریتانیا
184 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزی له خنكان رزگارکران
964+
فهرهاد حهسهن
بهپێی زانیارییهكانى دەزگای لوتکە بۆ كاروباری ئاواره و پهنابهران، تەنیا لە ماوهى رۆژانی هەینی و شەممەی رابردودا تواندراوه لهرێگهى چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاوازهوه 184 کەس له ئاوى كهنالبَى ئینگلیزى له خنكان رزگار بكرێت كه ویستوویانه خۆیان بگەیهننە وڵاتى بریتانیا.
دەزگاكه بڵاویكردووهتهوه، ناوەندی چاودێری و رزگارکردن لە باکوری فهڕەنسا لە چەند گەشتێکی دەریایی ئاگادارکراونەتەوە و کۆچبەرەکان لە چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا رزگارکراون كه بریتی بوون له 78 کۆچبەر لە کەناری فۆرت ماهۆن لە ناوچەی سۆمو، 61 کۆچبەر لە نزیک ویمێرۆکس لە پاس دی کالێ دوای ئەوەی بزوێنەری بەلەمەکەیان تێکچو و نۆ کۆچبەر لە دەرەوەی گراند فۆرت فیلیپ دوای داواکردنی هاوکاری و 36 کۆچبەریش لە دەریای دانکیرک.
ئاماژه بهوهشكراوه، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 15 کۆچبەر لەسەر ئەو رێگایە گیانیان لەدەستداوە، بە بەراورد بە ساڵی 2024 کە 78 کۆچبەر لەسەر ئەم رێگا مەترسیدارەی کۆچکردن لە نێوان باکوری فهڕەنسا و رۆژهەڵاتی بریتانیا لە سەرانسەری کەناڵی ئینگلیزیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بهقسهى دهزگاكه ژمارەیەکی پێوانەیی بووە لەوکاتەوەی کە دیاردەکە لە ساڵی 2018 لە ناوچەکەدا دەستیپێکردوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایارى رابردوو بهمهبهستى گرتنهبهرى رێوشوێنی رێگریکردن لە کۆچکردن بۆ بریتانیا، كیهر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی ئهم وڵاته رایگەیاند، بیر لە دامەزراندنی “سەنتەری گەڕانەوە” لە دەرەوەی بریتانیا بۆ پەناخوازانی رەتکراوە دەکاتەوە، مۆدێلێک هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی یەکێتی ئەوروپا لەبەرچاوی دەگرێت.
بەپێی نوێترین ئاماریش كه لهبەردەستی دەزگای لوتکەیه، 31ـی ئایاری ئهمساڵ، هەزار و 195 کەس بە 19 بەلەمی بچووک گەیشتونەتە شانشینی بریتانیا، کە زۆرترین ژمارەیە لە یەک رۆژدا تا ئێستا لە ساڵی 2025دا تۆمارکراوە.
کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ گەیشتونەتە بریتانیا 14 هەزار و 812 کۆچبەرە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 42% زیادیکردوە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 بە رێژەی 95% زیادیکردوە.
نزیکەی 37 هەزار کۆچبەر لە ساڵی 2024دا بە بەلەمی بچوکەوە کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندوە، کە زۆربەیان ئەفغانی و سوری و ئێرانی و عێراقی بوون، بەڵام زۆرترین ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2022 بوە کە 45 هەزار و 755 کەس گەیشتونەتە ئەو وڵاتە.