لە باتیفای قەزای زاخۆ

بەهۆی شوشتنی مۆکێت و فەرشەوە نزیکەی 50 ژن نەخۆشکەتوون

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەرەجەژنانە و ژنان و خانمانی ماڵەوە دەست دەکەن بە ماڵ پاککردنەوە هەندێک جار نەک خۆیان ماندوو دەکەن بەڵکو دەکەونە نەخۆشخانەش، ئەوەتا لە قەزای باتیفای زاخۆ لەماوەی دوو هەفتەدا 50 ژن بەهۆی ئازاری پشتەوە چوونەتە نەخۆشخانە.

لەگەل نزیکبوونەوەی جەژن ژنان هەڵدەستن بە شوشتن و پاکردنەوەی کەرەستەکانی ناو ماڵ بەجورێک لەسەربانی زۆربەی مالڵەکان مۆکێت و فەرشی هەڵواسراو دەبینڕیت بۆ ئامادەکاری جەژن.

لەقەزای باتیفای سەربەئیدارەی زاخۆ، لەدوو هەفتەی رابردوودا 87 ژن بەهۆکاری جیاجیا سەرەدانی بنکەی تەندروستی باتیفایان کردووە، بەقسەی بەرێوەبەرایەتی بنکەکە نزیکەی 50 لەو ژنانە بەهۆی شوشتنی مۆکێت و مەحفوری ناو ماڵ بووە کە ئازاریان پێگەیشتووە،

د. ئەحمەد شیلانی، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی باتیفا بە 964ـی وت، وای لێهاتووە هەر چی ژنێک سەردانی بنکەکە دەکات بەدەست ئازاری پشتەوە دەناڵێنێت.

وتیشی، چارەسەری پێویست بۆ هەموو ئەو ژنانە کراوە و داواشیان لێ دەکەن بەشێوەیەکی تەندروست ئیشوکاری ناومال بکەن چونکە جاری وەها هەیە بە یەک هەڵەی هەڵگرتن یان گواستنەوە دەبێتە هۆی ئازاری تون لە پشت و پەراسوەکاندا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی