"شێوەى فڕێدانیان مەترسیدارە"
ڤێرتێرنەرى کۆیە؛ مرداربوونەوەى مانگاکان مەترسیدار نین
964+
وریا فەتاح
ڤێرتێرنەرى کۆیە دڵنیایى دەدات، مرداربوونەوەى ژمارەیەک مانگا لە سنوورەکەیان جێگاى مەترسى نییە، بەڵام وەک باسى دەکات، شێوەى فڕێدانیان جێگەى مەترسییە.
بەپێى ڤیدیۆیەک کە دوێنێ بۆ 964 نێردراوە و هاوڵاتییەک تۆمارى کردووە، تێیدا دەردەکەوێت، لاشەى هەشت مانگاى مردارەوەبوو لە پشت جادەى حەسارەکانى شەوگێڕ لە دەشتى کۆیە فڕێدراون.
ئەمڕۆ لە 964 بەدواداچونمان بۆ مردارەوەبوونى ئەو مانگایانەوە کرد و ویستمان بزانین هۆکارەکەى چییە و ئەمەمان لە د. ئەزمەڕ سەڵاح بەڕێوەبەرى ڤێرتێرنەرى کۆیە پرسى و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”مرداربوونەوەى ئەو مانگایانە نوێ نییە و زۆر کۆنە، بەدواداچوونمان کردووە و مرداربوونەوەیان مەترسى نییە”.
وەک باسى دەکات، مانگاکان هى خاوەن ئاژەڵەکانن و مرداربوونەوەیان جۆراوجۆرە، هەیانە بەهۆى زۆرخواردنەوە مردار بووەتەوە هەیانە بەهۆى لەقەلێدان لە یەکترى، یان بەهۆکارى نەخۆشییەکى سوکى وەک با کردن.
بەوتەى د. ئەزمەڕ، خاوەن ئاژەڵەکانیان ئاگادارکردوونەتەوە کە لەمەودوا بەهیچ شێوەیە نابێت ئاژەڵە مرداربووەکانیان لەو شوێنانە فڕێ بدەن و دەبێت ژێرخاکى بخەن.
دڵنیایى دا، مرداربوونەوەیان پەیوەندى بە نەخۆشى گوازراوەوە نییە و ئەوانەشى مرداربوونەتەوە هی یەک خاوەن ئاژەڵ نین، بەڵام فڕێدانیان بەم شێوە هەڕەمەکییە مەترسیدارە.