هەولێر
68 وەرزشوانی پاڵەوان خەڵات و پارەیان پێدرا
+964
عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر، 68 وەرزشوانی پاڵەوانی لە یارییە جیاجیاكان خەڵات كرد، كە لە ئاستی جیهان، ئاسیا و عەرەبی و عێراقی و ناوخۆیی بوونەتە پاڵەوان و پلەی بەرزیان بەدەستهێناوە.
رێوڕەسمەكە ئەمڕۆ دووشەممە 2.6.2025 لە هۆڵی میدیا بەڕێوەچوو، كە تێیدا سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش بۆ هاندانی وەرزشوانان و پاڵەوانانی كوردستان، لە خەڵاتكردن و بەخشینی شایستەكان بەردەوام دەبێت.
هەروەها موژدەی ئەوەشی راگەیاند، لە ئاییندەیەكی نزیكدا وەجبەی سێیەمی پاڵەوانان و خاوەن دەستكەوتەكان خەڵات دەكرێت و رێزلێنانیان بۆ دەكرێت، جگە لە بەسەركردنەوە و خەڵاتكردنی ژمارەیەكی دیكە لە وەرزشوانە دێرینەكانی كوردستان.
دواتر رێوڕەسمەكە دەستیپێكرد و وەرزشوانانی كوڕ و كچی كوردستان، لە ئاستی یارییە تاك و بەكۆمەڵەكان خەڵات كران، كە ژمارەیان 68 وەرزشوان بوو.
بڕیار و راسپاردە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە، كە هەر یاریزان و تیپێك لەسەر ئاستی جیهان، ئاسیا، عێراق پلەی بەرز و مەدالیا بەدەست بهێنێت، خەڵاتی دارایی و شایستەیان پێبدرێت.
بۆنەیەكی دیكەش هەبوو
هەر لە رێوڕەسمەكەدا بۆنەیەكی دیكەش بەڕێوەچوو، ئەویش دەستاودەستكردنی بەرپرسیارەتیی سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، كە تێیدا سەڵاحەدین سیامەند وەك سەرۆكی نوێی تۆپی پێی كوردستان لە شوێنی تاریق عەبدولڕەحمان دەستبەكار بوو، جگە لە ژمارەیەك ئەندامی دیكە لە یەكێتییەكە، كە شوێنی هاوكارەكانیان دەگرنەوە.
هەر بەم بۆنەیەش ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، لە وتەیەكدا پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كوردستانی بۆ ستافی نوێی تۆپی پێی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ستافی پێشوو كرد، كە لە ئەركی خۆیاندا سەركەوتوو بوون و كاری گرنگیان ئەنجام دا.
هەروەها رایگەیاند، كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ستافی نوێ دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەن و ئاستی تۆپی پێی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا