عالیە نوسەیف

عێراق لە قەیرانی داراییدایە و ئەگەر پارەی موچەخۆرانی هەرێم بدەین بارودۆخمان تێكدەچێت

964+

محەمەد فاتیح

عالیە نوسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق دان بەوەدا دەنێت كە عێرق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە و دەڵێت، لەئێستادا ئێمە كێشەی كورتهێنانێكی راستەقینەمان هەیە.

وتیشی، “ئەگەر بێتوو هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ‌ نەكات كورتهێنانەكە زەقتر دەبێتەوە، چونكە فەرمانبەرانی عێراق موچەی دوو مانگی كۆتاییان لە پارەی ئەمانەتی باج و خەراج وەرگرتووە، ئەی دوای ئەمە چۆن دەبێت”.

دەشڵێت، “ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات حكومەتی عێراق بەردەوام بێت لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، رووبەڕووی كێشەیەكی راستەقینە دەبینەوە لەسەرجەم عێراقدا، هەر بەم هۆكارەش دەوڵەتی عێراق دەستی بۆ سێ‌ ترلیۆنی ئەمانەتی باج و خەراج بردووە چونكە كورتهێنانێكی راستەقینەمان هەیە”.

پێشتر عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزا لە بواری ئابووری و مامۆستای زانکۆ بە 964ـی وت، “هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن عێراق تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵ ببێتەوە، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت ئەنجامەکانی تۆقێنەر دەبن”.

وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی بڕیاریدا چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكات و نەینێرێت بەچەند بیانوویەك لەوانە تەواوبوونی بڕی پشكەكەی لە بودجەی گشتی عێراقدا.