منداڵان دەپارێزێت

داهێنانێک لە پێنجوێنەوە: وشکى فیزیا بۆ تەڕى چاو

964+

کامیار کەمال

لە گوندێکی ئارامی پێنجوێن، لەنێو پۆلێکی پڕ لە وزە و ژیریدا، مامۆستا ئالان محێدین قەرەداغی، مامۆستای گرێبەستی فیزیا، خەون بەوەوە دەبینێت کە یاساکانی فیزیا تەنها لەسەر لاپەڕەی کتێبەکان نەمێننەوە. ئەو دەیەوێت قوتابییەکانی بە کرداری هەست بە جوانی و سوودی زانست بکەن.

ئەو مامۆستا داهێنەرە، وەکخۆى دەڵێت زۆرجار نیگەرانییەک مێشکى داگیرى کردووە کە چۆن بتوانێت چاوى منداڵان لە تیشکى تەلەفزیۆن بپارێزێت، ئەم نیگەرانییە بووە هەوێنی داهێنانێکی نوێ کە بۆ 964ـى ئاشکرا کردووە: ئامێرێک کە وەک چاودێرێکی زیرەک، ئاگاداری تەندروستى چاوی منداڵان دەبێت.

مامۆستا ئالان، ئامێرێکی بچووکی دروستکردووە کە چیرۆکێکی تایبەت دەگێڕێتەوە. وەک دەڵێت، “ئامێرەکە زیاتر بۆ منداڵە”.

“لەبری ئەوەی بە دەم پێیان بوترێت دووربکەوەرەوە، ئامێرەکە خۆی کارەکە دەکات و لەگەڵ نزیکبوونەوە لێى دەکوژێتەوە”، مامۆستا ئالان واى وت.

داهێنانەکە بەم شێوەیەیە: کاتێک منداڵێک، ئەفلام کارتۆنێک یان بەرنامە دڵخوازەکەی، دەبێت و لە نزیکى یەک مەترەوە سەیرى شاشە دەکات، ئامێرە بچووکەکەی مامۆستا ئالان دێتە دەنگ، سەرەتا بە زمانی شیرینی کوردی چەند جارێک هۆشیاری پێ دەدات،” مەیەرە پێشەوە، لە دوورەوە دابنیشە”، ئەگەر منداڵەکە هەر گوێی پێنەدا، ئەوا ئامێرەکە، وەک دایکێکی دڵسۆز، خۆێندکارانە تەلەفزیۆنەکە دەکوژێنێتەوە.

 ئەم داهێنانە سادەیە تەنها بە پاوەربانکێک کاردەکات

ئەم هەوڵەی مامۆستا ئالان تەنها بۆ ئەم ئامێرە نییە. ئەو، کە لە گوندی وێنەی سەر بە ناحیەی گەرمک وانە بە نزیکەی 30 قوتابی دەڵێتەوە و پێشتریش  لە 964 باسی بەکارهێنانی بۆردی زیرەکی لە پۆلەکەیدا کردبوو، ئامانجیەتی لە چوارچێوەی وانەوتنەوەی رۆتینی دەربچێت. وەک دەڵێت، “دەمەوێت قوتابییەکانم ببینن کە فیزیا تەنها کۆمەڵێک یاسای وشک نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانی رۆژانەمان و جوانترکردنی.”

داهێنانەکەی مامۆستا ئالان، نموونەیەکی زیندووە لەوەی چۆن مامۆستایەکی دڵسۆز دەتوانێت بە کەرەستەیەکی سادە، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیان و تەندروستى قوتابییەکانی و کۆمەڵگاکەی دابنێت، چیرۆکێک کە هیوایە ئیلهامبەخش بێت بۆ داهێنانی زیاتر.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

داهێنانێک کێشەى تەنەکەى خۆڵى ماڵان چارەسەر دەکات

داهێنانێک کێشەى تەنەکەى خۆڵى ماڵان چارەسەر دەکات