ونبوویەکی هەڵەبجە لەلایەن ‘باوکیەوە’ رەتدەکرێتەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
پشکنینی DNA، دایک و باوکی بۆ ونبوویەکی هەڵەبجە دۆزییەوە، بەڵام بەشێک لە کەسوکارەکەی بە پشکنینەکان رازی نین و رەتیدەکەنەوە ئەوە کوڕی ئەوان بێت، دەڵێن کوڕەکەیان لەکاتی کیمیابارانەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای هەڵەبجە پشکنینە پزیشکییەکانی پشتڕاستکردەوە و بڕیاریدا هاوڕێ ئەنوەر رادەستی کەسوکارە “راستەقینەکەی” بکرێتەوە.
دوای بڕیارەکەی دادگا، کوردەوان مەحمود لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چیرۆکى ونبوون و دۆزینەوەیشى بۆ میدیاکان گێڕایەوە و رایگەیاند، “تەمەنم دوو ساڵ و نیو بوو، برامە خانەى بێسەرپەرشتانى بەغدا و شەش مانگ لەوێ مامەوە، دواتر لەلایەن خێزانێکى کوردى کەرکوکەوە بە 10 هەزار دینارى سویسرى کڕدرامەوە”.
ئەو زیاتر وتی، “لەگەڵ ئەو خێزانە هیچ کێشەیەکم نەبوو، تا ئەوکاتەى باوکى بەخێوکەرم ساڵى 2021 گیانى لەدەستدا، ئەوکات کێشەى میرات لە خێزانەکە سەریهەڵدا و پێیان وتم کە من کوڕى ئەو ماڵە نیم و خێزانى راستەقینەم لە هەڵەبجەیە و کەرکوکى نیم”.
پاش ئەوەی کوردەوان ئەم هەواڵە دەبیستێت لە رۆژی 1.3.2022 دێتە هەڵەبجە و لە رێگەی پشکنینی DNA چەند جارێک دەردەکەوێت کە کوڕی خێزانێکی هەڵەبجەیە.
ئەو کەسەی کە بەپێی پشکنینی DNA دەکاتە باوکی کوردەوان دەڵێت، کوڕەکەی لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستداوە و خۆی بەخاکی سپاردووە، رەتیدەکاتەوە کوردەوان کوڕی ئەو بێت.
مەحمود فەتاح لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەو کوڕەم لە ساڵی 1988 بەدەستی خۆم ناشتووە و گیانی لەدەستداوە، منداڵەکانی دیکەشم لە ژێرزەمینەکەدا خنکاون، تەنیا کچێکی چوار ساڵانم ماوە”.