"ئەوانەی ناتوانن ناوی خۆیان داخیل بکەن نیگەران مەبن"
بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە قۆناغی ئەپدەیتدایە و چەند قۆناغیکی ماوە
964+
شۆڕش قادری
ماوەیەکە پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک خەڵکی کوردستانی سەرقاڵ کردووە و زۆرن ئەوانەی کە ناتوانن ناوی خۆیان داخیلی سیستەمەکە بکەن، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، نیگەران نەبن و لە داهاتوودا ئەوانیش دەتوانن داخیلی سیستەمەکە ببن.
سیامەند نانەکەلی بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر بە 964ـی وت، “بەهیچ شێوەیەک ناوی منداڵی نوێ یاخود ئەوانەی زەواجیان کردووە، داخیلی ئەم سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک ناکرێت، تەنانەت ئەوانەی ناویان هەیە لە پسوولەی خۆراک، بەڵام نفوسیان هەیە و کارتی نیشتمانیان نیە، ئەوانیش داخیلی ئەم سیستەمە ناکرێن”.
“بەکورتی دەبێت حەتمەن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریشت هەبێت بۆ ئەوەی ناوت داخلی سیستەمەکە بکرێت”، سیامەند نانەکەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە قۆناغی یەکەمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکە کە ئەوان پێیدەڵێن، قۆناغی ئەپدەیت و نوێکردنەوە، دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا کاردەکەن بۆ ئەوەی کە منداڵی تازە لەدایکبوو و ئەوانەش کە کارتی نیشتمانیان نیە، بتوانن داخیلی سیستمەکە بکرێن.
پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە کوردستان 8ـی ئەم مانگە لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەستیپێکرد و بەقسەی سیامەند نانەکەلی دوو رۆژیشە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە و تا 30.6.2025 بەردەوام دەبێت، ئەو کات ئەگەر پێویستی کرد، ماوەی 10 رۆژێک پڕۆسەکە درێژ دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر وتیشی، لەئێستادا سیستەمەکە لە 14 پارێزگای عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کارا کراوە و وردە وردە لە هەموو شارەکانی دیکەش کارا دەکرێت.