دیمەنێکی ناو قەڵای هەولێر – وێنە؛ پارێزگای هەولێر
"نۆژەنکردنەوەی سەروو 17 ملیۆن دۆلاری تێچووە"
مزگەوت و حەمامی ناو قەڵای هەولێر دەکرێنەوە
964+
شۆڕش قادری
ماوەیەکی زۆرە دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و بەشی رووناکییەکەی تەواو بووە و بڕیارە بەمنزیکانە مزگەوت و حەمامیش لەناو قەڵادا بکرێنەوە.
فەلاح حەسەن سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئەرکی نۆژەنکردنەوەی حەمامی ناو قەڵای لەئەستۆ گرتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانیشی لە داهاتوودا روونکردنەوەی پێویست دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە رۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر بۆ بەجێگەیاندنی نوێژی هەینی روویان دەکردە مزگەوتی قەڵات، بۆیە نۆژەنیانکردووەتەوە و دوای جەژنی قوربان ئاوەدان دەکرێتەوە.
فەلاح حەسەن وتیشی، نۆژەنکردنەوەی قەڵا بە پشتیوانی ماددی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و کونسوڵخانەی ئەمریکا و چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی ئەنجامدراوە و سەروو 17 ملیۆن دۆلاریشی تێچووە.