پاشماوەى جەنگ

 لە پێنجوێن حەوت کرێکار بەهۆى تەقینەوەى پاشماوەى جەنگى بریندار بوون

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

جەنگەکە ساڵانێکە کۆتایى هاتووە و ئێستا هەردوو وڵات دۆستى گیانى بەگیانى یەکترین، بەڵام بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان تائێستاش قوڕبەسەرى دێنێت، ئەوەتا بەیانى ئەمڕۆ، بەهۆى تەقینەوەى پاشماوەیەکى جەنگى عێراق و ئێران، حەوت کرێکار لەسەر زەوییەکى کشتوکاڵى پێنجوێن بریندار بوون.

مقەدەم کاروان عەبدوڵا، ئەفسەرى پۆلیس لە بنکەى پێنجوێن بە 964ـى وت،” رووداوەکە بەیانى ئەمڕۆ هەینى، لە کاتژمێر 7:30 خولەک روویداوە، ئەوەش دواى ئەوەى کرێکاران ودواى کارکردن ویستویانە پشوویەک وەربگرن”.

وەک ئەوەى کرێکارەکان بۆ ئەو ئەفسەرەى پۆلیس قسەیان کردووە، نەیانزانیوە ئەو پاشماوەیە چى بووە، تەنیا پارچە ئاسنێکى خڕ بووە و دەستکاریان کردووەو پیایاندا تەقیوەتەوە.

ئەو ئەفسەرە باسى لەوەشکرد، دۆخى بریندارەکان مەترسیدار نین، بەڵام سێ لە بریندارەکان برینیان قوڵە و دەبێت رەوانەى سلێمانى بکرێن، چونکە پارچە گەیشتووەتە سەر ئێسکیان.

کرێکارەکان دانیشتووى قەزاى سەیدسادقن و بۆ کار روویان لە پێنجوێن کردووە.

رووداوەکە لە دەشتى کێلو لە سنوورى پێنجوێن روویدا کە ئەو شوێنە پێشتر مەیدانى شەڕى عێراق و ئێران بووە و تائێستاش پاشماوەى ئەو شەڕە لەو شوێنە ماون.

ئەو رووداوانە جارى یەکەم نین و پێش دووساڵیشن پاشماوەیەکى جەنگى بە شۆفێرێکى تراکتۆردا تەقیەوە و گیانى لەدەستدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

 دەنگە گەورەکەى پێنجوێن تەقینەوە بوو

 دەنگە گەورەکەى پێنجوێن تەقینەوە بوو