حكومەتی هەرێم تەوتینی جێبەجێ نەكردووە
وەزارەتی دارایی عێراق بەیاننامەیەكی حەوت خاڵیی بڵاوكردەوە
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێك رزقی موچەخۆرانی هەرێمی بڕی و وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە وەڵامدا وتی، بڕیارەكە پێچەوانەی دەستووری عێراقه، دووبارە دارایی عێراق بەیاننامەیەكی حەوت خاڵی بڵاوكردووەتەوە.
خاڵەكانی وەزارەتی دارایی عێراق بریتیین لە:
-یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 دەرچووە و پەسەندكراوە و بەپێی مادەكانی چەند پابەندییەك بۆ هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دانراوون و دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری لەوبارەیەوە دەركردووە.
-یاساكە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی داوا دەكەن حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات و وەزارەتی داراییش پارەدارکردنی بۆ دابین دەکات، وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەندی یاساكە و بڕیارەکەی دادگا بوو، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو.
-بە گوێرەی یاسا، دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر حساباتی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە، دەركەوت كە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەیە رادەستی حکومەتی فیدراڵی نەكراوە، هەرچەندە ئەو پارەیەی لە وەزارەتی داراییەوە بەشێک بوو لە پشکی هەرێم کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، بەڵام داهاتی نەوت و نانەوتی کە حکومەتی هەرێم ڕەتیکردەوە تەسلیمی خەزێنەی گشتی بكات لە ئەنجامدا پشکی هەرێم زیاتر بوو لەو بڕەی کە لە یاسای بودجە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا دیاریکراوە. (بەپێی خشتەکانی ناو نووسراوی پێشوومان و خشتەکانی هاوپێچ).
-ئەو پێشێلکارییەی پێشتر باسمان کرد، وەزارەتەکەمان پابەند دەكات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵەی ئێستا.
-حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە تەوتینكردنی مووچە بەپێی یاسا و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر.
-حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی پێشێلکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە ئەستۆ دەگرێت بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە خەزێنەی گشتی.
-پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوتی گێڵگەكانی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی یاسای فیدڕاڵی و دەستنەكردن بە هەناردنەكردنەوەی نەوت لە دوای بڕیاری هەمواركردنەوەی بودجەی فیدڕاڵی، بوونە هۆی ئەوەی خەزێنەی گشتی زەرەری چەندین ترلیۆن دیناری لێ بكەوێت بەپێی ئەو راپۆرتە هاوبەشانەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم بڵاوكراونەتەوە.