بەرناكەوێت
“خەڵک بۆ نەخۆشی داوای شیری گوێدرێژ دەکەن”
+964
عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر
“كاتێك گوێدرێژەكەم دەزێت، خەڵك دێن داوای شیرەكەی دەكەن بۆ نەخۆشی و ئەوانەی شێرپەنجەیان هەیە داوای دەكەن” ئەمە قسەی محەمەد جامبازە لە مەیدانی فرۆشتنی گوێدرێژەكان لە هەولێر.
پەیامنێری 964 سەردانی مەیدانەكەی كردووە و لەگەڵ یەكێك لە كاسبكارانی بازاڕەكە قسەی كردووە لە بارەی بەكارهێنانی شیری گوێدرێژ، كە ناوی محەمەد جامبازە و لەو بارەیەوە دەڵێت، “شیری گوێدرێژ خۆشە و وەك شیری حەیوانە”.
باسی ئەوەش دەكات كە خەڵكانێك داوای شیری گوێدرێژ دەكەن بە مەبەستی بەكارهێنانی بۆ خواردن و بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە.
جامباز دەڵێت، “خەڵكێك هەن بۆ نەخۆش داوای دەكەن و منیش بە خێر دەیاندەمێ، چونكە دەڵێن پارەكەی حەرامە”.
شیری گوێدرێژ، شیری مێینەی ئەو ئاژەڵەیە و بە پێی سەرچاوە زانستییە پزیشكییەكان، كە 964 سێرچی بۆ كردووە، شیرێکە زۆر بەسوودە بۆ جەستە و تایبەتمەندی دژە بەکتریای دووسەد ئەوەندەی شیری مانگایە.
گرانترین جۆری شیرە لە ئەورووپا، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا، هەروەها توێژەرانی ئەوروپی دەریانخستووە شیری گوێدرێژ بۆ جوانی پێست سوودی زۆرە، لەبەرئەوە بۆ پاککردنەوە و جوان راگرتنی پێست بەکاردەهێنرێت، هاوكات ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستان سابوونی شیری گوێدرێژ بەردەستە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا