وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تەلەفۆنی کردبوو

رۆبیۆ بۆ بارزانی؛ هەماهەنگیمان هۆکارە بۆ سەقامگیریی لە عێراق

ئەحمەد مستەفا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جگە لەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە بەرهەمدار ناوبردووە، لە تۆڕی ئێکس وتویەتی، هەماهەنگی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی.

رۆژی چوارشه‌ممه‌، 28.5.2025، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی، نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ئاشکراکرد و رۆبیۆ پاشتر پۆستێکی بڵاوکردەوە.

‎مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس نوسیوویەتی، “پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵی، “هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی. هاوبەشی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکاش دەگەیێنێت”.

سەرۆکایەتی هەرێم نوسی بووی، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردوولا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابوورى و وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا سوپاسی سەرۆک نێچيرڤان بارزانی کردووە بۆ رۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە.