په‌یامێكه‌ بۆ ئه‌مریكا

ئەنجومەنی وەزیران له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا گفتوگۆى له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپاتكرده‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا به‌رده‌وامى گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپاتكرده‌وه‌ و پێشوازیشی لە هەڵوێستی ئەمریکا كرد بۆ پشتیوانیەکەی لە قەوارەی دەستوریی هەرێم.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردودا.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و روونیکردەوە کە “ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت”، پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.

سەبارەت بەکۆبونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مه‌سرور بارزانی ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کردووه‌ تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبونی ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دوپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەى ئه‌مریكا، ئامادەیی وڵاته‌كه‌ى دوپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەموان، کە بەداخەوە بەهۆی راگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023وە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.

ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستەکانی وزە تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستەکانی وزە تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە...

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەڕێوەدەچێت